کاک "مەولود ئیبراهیم حەسەن" شاعیری هاوچهرخی کورد له یهکی خاکەلێوەی ساڵی ۱۹۶۵ زایەنی لە هەولێر لە دایک بوو.
کاک مولود، پسپۆڕی لە ئەفسانە و مێژووی ئەفسانەی کوردی
بەکالۆریۆس: بەشی زمان و ئەدەبی فارسی بەغدا ۱۹۸۴ زایهنی
ماستەری له زانکۆی سلێمانی -بەشی کوردی -گەڕان بە دوای نەمرییدا لە ئەفسانەی کوردی و فارسی - ۲۰۰۰ زایهنی
دکتۆرای له زانکۆی سەڵاحەدین -کۆلیژی زمان-پێکهاتەی ئەفسانەی کوردی -هەولێر ۲۰۰۷
پڕۆفیسۆری یاریدەدەری له زانکۆی سەڵاحەدین - ۲۰۱۱ گرتووه.
◇ بەرهەمە چاپکراوەکان - لێکۆڵینەوە:-
- قەدەغەشکێنی -لێکۆڵینەوەیەکی گشتییە لە ئەفسانەی کوردی - ۲۰۰۰ سلێمانی
- گەڕان بە دوای نەمرییدا
... دیدن ادامه ››
لە ئەفسانەی کوردی و فارسی-هەولێر - ۲۰۰۲
- پێکهاتەی ئەفسانەی کوردی - ۲۰۰۷ سلێمانی.
- نەورۆزی کورد... لەئەفسانەوە بۆ بەجیهانییبوون. ۲۰۱۲
- نەورۆز... کۆنترین جەژن... کوردیترین جەژن. ۲۰۲۴
- ساواک بۆچی (حەسەن زیرەک)ی کوشت؟ هەولێر - ۲۰۱۲
- فێربوونی زمان بە لە بەرگرتنەوە، لێکۆڵینەوەیەکی تیۆری پێشبینیکارە - ۲۰۱۵ - سلێمانی.
و...
◇ کۆکردنەوەی کلتورو فۆڵکلۆر:
- هێڵکەی نامێ - بەرگی یەکەم، بەشی یەکەم. هەولێر - ۲۰۰۶
- هێڵکەی نامێ-بەرگی یەکەم-بەشی دووەم .هەولێر - ۲۰۰۶
- تێرنەخۆرە، بەرگی یەکەم، بەشی سێیەم.هە وڵیر - ۲۰۰۸
- زیاتر لە عەشقێک، بەرگی یەکەم، بەشی چوارەم. هەولێر - ۲۰۰۸
و...
◇ بەرهەمە ئەدەبییەکان:
- وریابن خەوتان لێ نەکەوێ! چیرۆک بۆ مێرمنداڵان - بەغدا - ۱۹۸۱
- گۆرانی ئازادی، چیرۆک بۆمیرمنداڵان، هە ولیر - ۲۰۱۲
- خۆت لە من بزر مەکە! هەڵبەست - بەغدا - ۱۹۸۵
- هەموو شەڕەکان لەگەڵ منن، هەڵبەست - ۲۰۲۳
- بەردەژن، ڕۆمان، سلێمانی - ۲۰۰۱
- پیری کێوان، ڕۆمان، سلێمانی - ۲۰۰۴
- پێڵاوی شنگالییەکان، هەڵبەست، هە ولیر - ۲۰۱۵
- مەرگی سەگ، کوورتە چیرۆک، هەولێر - ۲۰۱۷
- ئینسکلۆپیدیای هە وڵیر - بەڕێوەبەری گشتی - لەگەڵ چەند بەڕێزێک - هەولێر - ۲۰۰۹
و...
◇ ڕۆژنامەوگۆڤار:
- کوردستانی نوێ - ئەندامی دامەزرێنەروئەندامی یەکەمین دەستەی نووسەران - هەولیر - ۱۹۹۲
و...
◇ گۆڤاری منداڵان:
- پەڕەسێلکە - بەڕێوەبەری گشتی - هەوڵیر - ۱۹۹۱
- پەریستان، سکرتیری نووسین، هەولێر - ۱۹۹۲
- هەنگ، سکرتیری نووسین، هەولێر - ۱۹۹۳
و...
◇ بەرنامەی ڕادیۆیی:
- دەنگی زارۆکان. ئامادەکردن و پێشکەشکردن بەناوی یەکێتی نووسەران لە ههردوو ڕادیۆی - دەنگی گەلی کوردستان و دەنگی باشووری کوردستان - ڕواندز - ۱۹۹۱
- بڵاوکردنەوەی بەردەوامی هەڵبەستو نووسین و وتار و زنجیرەنووسین ولێکۆڵینەوە و لێکۆڵینەوەی زانستی لە ڕۆژنامە و گۆڤارە ناوخۆیی و دەروە. لە ۱۹۸۴ ەوە. تا ئێستاش بەردەوامە.
- چاوپێکەوتنی ڕۆژنامەیی و ڕادیۆیی و تەلەڤزیۆنی لەناوەو دەرەوی کۆردستان و بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی و فارسی
- تەواوی چاوپێکەوتنە ڕادیۆیی و تەلەڤزیۆنییەکان لە مالپەری
و...
─━⊰═•••❃❀❃•••═⊱━─
(۱)
[کە شەڕ کۆتایی هات...!!]
کەشەڕ کۆتایی هات
وەرە ئەی دوژمنە یەکتر کوژەکەم
وەرە تۆ هەموو چەکە کوشەندەکانی شەڕ فڕێدە و
من هەموو برینەکانی جەستەم
***
کە شەڕ کۆتایی هات
وەر ئەی دوژمنە یەکتر کوژەکەم
وەرە
تۆ هەموو هەنجەت و توڕەییەکانی شەڕ فڕێدەو
منیش هەموو هیوا تێکشکاوەکانم کۆدەکەمەوە
***
کە شەڕ کۆتایی هات
ئەی دوژمنە لە مێژینەکەم
وەرە
تۆ هەموو شارەزاییەکانی خۆت لە شەڕ فڕێدەو
منیش هەموو هونەرەکانی هەڵاتن
***
کە شەڕ کۆتایی هات
وەرە ئەی شەڕکەری دێرین
وەرە
تۆ ماڵە جێماوە لە بیرکراوەکەت بدۆزەرەوە
منیش کاولە تێکدراوو ڕوخاوەکەم
***
کە شەڕ کۆتایی هات
وەرە ئەی پاڵەوانی دەروون پڕ لە چێڕۆکی کوشتن
وەرە
وەرە تۆ ژن و منداڵەکانت کۆکەرەوەو
منیش گۆڕی ونبووەکانم دەدۆزمەوە
***
کە شەڕ کۆتایی هات
وەرە ئەی پاڵەوانی دەست بەتاڵ
وەرە
وەرە تۆ سەر لە نوێ بچۆرەوە قوتابخانەو
منیش ڕێگای گێڵگە دەگرمەبەر
***
کە شەڕ کۆتایی هات
کە شەڕ کۆتایی هات
کە شەڕ کۆتایی هات
(۲)
لە بیرتە
لە خانەی پیران
ئەو شەوەی کارەبا بڕا
پیرەکان
خەویان لێ نەدەکەوت
هاواریان دەکرد
بەرداغیان دەشکاند
من و تۆ
هێمن هێمن
لە بەردەم چرای خۆشەویستی
چیڕۆکی خۆشەویستی خۆمان
بۆ یەکتر دەگێڕایەوە
(۳)
ئەو ڕۆژە
لێکۆڵەرێک هاتبوو
یەک یەک
لە پیرەکانی دەپرسی
خۆشترین ڕۆژەکانی ژیانت کامە بوو؟
یەکێ دەیگوت
ڕۆژانی منداڵى
یەکێ دەیگوت
ڕۆژانی گەنجی
یەکێ دەیگوت هیچ ڕۆژێکیان
من و تۆ بووین
گوتمان هەموو تەمەنمان
(۴)
دوێنێ دەروونناسێک هاتبوو
یەک و لاپەڕەی دا بە هەموومان
گوتی
چێتان پێخۆشە ئەوە بنووسن
یەکێ نووسیبووی
خۆزگە پیریی نەبووایە
یەکێ نووسیبووی
ئێرە دۆزەخە
یەکێ نووسیبووی
بۆ چ نامرم
من و تۆش نووسیمان
ژیان خۆشەویستییە
(۵)
ئیدارەی خانەی پیران
داوایانکرد
هەریەکەو وێنەیەک
بەگەورەیی
بەسەر سەری خۆمان هەڵواسین
یەکێ وێنەی منداڵی
یەکێ وێنەی چوونە قوتابخانەی
یەکێ وێنەی ڕۆژی شاییەکەی
یەکێ وێنەی ڕۆژی دەرچوونی
یەکێ وێنەی ڕۆژی دامەزرانی
ئێمەش
ئەلبوومی تەمەنی
پڕ خۆشەویستی خۆمان
هەڵواسی
(۶)
هەموو ساڵێ
لە خانەی پیران
من و تۆ
بەهۆی خۆشەویستی
بەردەواممان
بەهۆی بێ کێشەییمان
بەهۆی پاک و خاوێنیمان
ئیدارە
بە دزی خەڵاتمان دەکەن
نەوەک پیرەکانی تر توڕەبن
(۷)
ئیدارەی خانەی پیران
بێ تاقەت بوون
هێندەی
ڕۆژی لە دایکبوونمان
بۆ بکەن بە جەژن
ڕۆژى یەکترناسینمان
بۆ بکەن بە جەژن
ڕۆژی شاییەکەمان
بۆ بکەن بە جەژن
ڕۆژی دامەزراندنمان
بۆ بکەن بە جەژن
ڕۆژی خانەنشینبوونمان
بۆ بکەن بە جەژن
ڕۆژی هاتنە خانەی پیرانیمان
بۆ بکەن بە جەژن
(۸)
هونەرمەندێکیان هێنابوو
ئیدارەی خانەی پیران
بۆ دڵخۆش کردنمان
گەرم گەرم گۆرانی دەگوت
پیرەکان
چیە ئەم دەنگە دەنگە
ئەم هەراو چەقە چەقە
بیبڕنەوە بێزار بووین
من و تۆش
دەستمان گرتبوو
سووک سووک
شاد شاد
منداڵانە شاییمان دەکرد
(۹)
سەیرکە
لە سایەی خۆشەویستیمان
لە منداڵیەوە
شەوانی درێژمان لە خانەی پیران
پڕ بووە
لە خەونی جوان جوان
ڕۆژانی کورتمان لە خانەی پیران
پڕ بووە
لە گێڕانەوەی خۆش خۆش
ئێمە وەک ئەو پیرانە نین
هەر زوو
بۆ یەکتر کوژانەوە
(۱۰)
سەیرکە
ئێمە لە سایەی
ئەو عەشقە منداڵیەمان
لە خانەی پیران
هەموو کاتێکمان
وەک یەکەمین ژووانە
هەموو یەکتر بینینمان
یەکەمین یەکتر بینینە
هەموو شەوێکمان
شەوی یەکەمی
بووک و زاوایەتیمانە
هەموو بەیانیەکمان
یەکەمین بەیانی
شەوی یەکەمین پێکەوە بوونمانە
(۱۱)
زۆرم لا سەیرە
ئەو ژن و مێردە پیرانە دەبینم
ڕۆژانە بەشەڕ دێن
قسە پێک دەڵێن
لێک زویر دەبن
پێکنایێنەوە
کەچی ئێمە
شەو و ڕۆژ
مانگ و ساڵ
هەموو تەمەن بەشی
یەکتر خۆشویستنمان ناکات
(۱۲)
سەیرکە
چۆن ئیدارەی
خانەی پیران
حەوشەکەی پڕکردووە
لە گوڵی سوور
لەو ڕۆژەوە
کە بینیان
من هەموو بەیانیەک
گوڵێکی سوور
پێشکەش بە تۆ دەکەم
(۱۳)
سەیرکە
ئەمساڵ سەری ساڵ
چیشت لێنەرەکەی خانەی پیران
تاکانەترین خەڵات و
سەیرترین خەڵاتی
بە من و تۆ بەخشی
بەهۆی ئەوەی
تا ئێستا
داوای هیچ خواردنێکی
تایبەتمان نەکردووە
هیچ خواردنێکمان
ڕەتنەکردووتەوە
بۆ ئێمە
هەموو خواردنەکان
ئەو سارد و لەفەیەن
یەکەمین جار پێکەوە خواردمان
(۱۴)
دکتۆرەکەی
خانەی پیران سەرسامە
تا ئێستا
ئێمە لە سایەی
یەکتر خۆشویستنمانەوە
داوای
هیچ حەبێکی سەرێشە
هیچ حەبێکی
بەرزە خوێن
هیچ حەبێکی
خەولێنەکەوتنمان لێ نەکردووە
(۱۵)
تۆ دەزانی
هەموو ژن و مێردە پیرەکانی
خانەی پیران
دەمانبوغزێنن
لەبەرئەوەی بەردەوام
لە ئیدارەوە پێیان دەڵێن
ئێوە بۆچی
وەک ئەم دووانە
خۆشەویست و تەبا نین
(۱۶)
هەفتانە
لە خانەی پیران
مەلایەک دێت
قسەمان بۆ دەکات
قەشەیەک دێت
قسەمان بۆ دەکات
دەروونناسێک دێت
قسەمان بۆ دەکات
کۆمەڵناسێک دێت
قسەمان بۆ دەکات
هیچ ژن و مێردێک
گوێیان لێناگرن
من و تۆ
لە سایەی خۆشەویستیەوە
بەردەوام
قوتابی هەمووانین
(۱۷)
ڕەنگەکانیان هەمووی داگیر کردووە
زەرد و
سەوز و
سوور و شین و مۆر و زۆر
ئێمە بێ ڕەنگ و بێ ناو و بێ نیشانین
بە هەردووکمان
یەک نیشانەمان هەیە
ئەویش بێ نیشانییە
(۱۸)
دایکم زۆرجار دەیگوت
واز لەم کچە بێنە
کوڕم خەریکی دەرسەکانتبە
دەمگوت دایە
ئەو کچەش دەرسە
دەرسی چی کوڕم؟
دەرسی عەشق
بە خوا ڕۆڵە
دوا ڕۆژی خۆت
بە قوربانی ئەم کچەتیوە دەکەی
(۱۹)
لە بیرتە گوڵم
کە منداڵ بووین
خەڵک پێکەوەیان دەبینین
دەیانگوت بێ ڕەوشتن
ئێستا
هەر ئەو خەڵکە بەم پیرییەوە
خەریکی ئەو بێ ڕەوشتیەن
(۲۰)
دڵ وشکەکان
کە پێکەوەیان دەدیتین
بە منداڵى
زۆر چیڕۆکی ناشیرینان
بۆ دروست دەکردین
ئێستا
هەر یەک چیڕۆک ماوەتەوە
ئەم دووانە بە منداڵیش هەر
یەکتریان خۆشدەویست
گڵاڵەکردنی ئەم بابەتە:
#زانا_کوردستانی